قسەی نەستەق
قسەی نەستەق (لە «نسق»ی عەرەبییەوە بە مانای «ڕێکوپێککردن»، «پوختکردن») یا ئەفۆریزم (لە ἀφορισμόςی یۆنانییەوە بە مانای «دیاریکردنی سنوور»، «جیاکردنەوە»)، بریتییە لە ئاخاوتنێکی چڕی مانادار کە دەدرێتە پاڵ کەسێک، نووسەرێک یان مرۆڤێکی ناودار. شێوەی سەردەستووری ھەیە، بەڵام وەکوو ئەویش نییە. نووسەر یان ھەر مرۆڤێک لە ڕێگای قسەی نەستەقەوە ھەموو بیروڕای خۆی لە ڕستەیەکدا کۆ دەکاتەوە، بە چەشنێک کە ڕستەکە وەکوو ئاوێنەیەک بیروڕاکە بنوێنێتەوە.
خاسییەتی قسە نەستەقەکان ئەوەیە مرۆڤ لە ڕێگای ئەمانەوە تێبینیی بیر و بیرکردنەوەی خۆی دەکات. جیاوازیی سەردەستوور و قسەی نەستەق دەگەڕێتەوە بۆ لایەنە گشتییەکەی و تێبینی یەکێک بۆ بیر و بیرکردنەوەی یەکێکی دیکە. بەکورتی قسەی نەستەق پەندێکە یان چڕکردنەوەیەکی مانادارە مرۆڤ بە تێبینی ناوەوەی خۆی دەری دەبڕێ. ھەرچی سەردەستوورە زیاتر تێبینییە بۆ دەرەوە، بۆ سەر ئەوانی دیکە.
یەکێک لە قسە نەستەقەکانی ھەرە ناودارەکانی ئەدەب قسەیەکی نەستەقیی ڕەخنەگری فەڕەنسی سان بۆڤ -ە کە دەڵێ «مرۆڤ خۆی شێوازە.»
قسەی نەسەق یەکێک لە جۆرەکانی وێژەی کوردییە کە بە شێوازی زارەکیی سینە بە سینە گەڕاوە.
سەرچاوەکان
[دەستکاری]- عەلی نانەوازادە، فەرھەنگی ڕیشەی وشەی کوردی
- ئەحمەد عومەر، موحسین(٢٠٠٥)، فەرهەنگی زاراوەی ئەدەبی،بەرگی یەکەم، ئاراس.
- سجادی، علاءالدین، (1951)، مێژووی ئەدەبی کوردی، چاپخانەی مەعارف، بەغدا.
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە قسەی نەستەق تێدایە. |